سەرەتا دەربارە هەواڵ گەلەری ڤیدیۆ چالاکیەکان خولەکان پرۆژه‌ی هاوكاری پەیوەندی

سەردێڕ

خەڵاتی زێڕین بەخشرایە پێنج ژنی كەسوكار ئەنفالكراو


Print Friendly and PDF

خەڵاتی زێڕین بەخشرایە پێنج ژنی كەسوكار ئەنفالكراو
خانزاد- پەرێز سابیر
لە هۆڵی ناوەندی وەرزش و لاوانی كەلار و بەچاودێری ئیدارەی گەرمیان و قایمقامیەتی قەزای كەلار و بەسپۆنسەری مام پۆڵا، خەڵاتی زێڕینی خاتوو كارین بەخشرایە (5 ) ژنی كەسوكار ئەنفالكراو لە دەڤەری گەرمیان.
رۆژی شازدەی چواری 2019 بەئامادەبوونی قایمقامیەتی قەزای كەلار و نوێنەری دەزگای شەهیدان و ئەنفالكراوان و نوێنەرانی دەزگا حكومی و ناحكومییەكان و كەسوكاری ئەنفالكراوان و دەزگاكانی راگەیاندن مەراسیمی خەڵاتی زێڕینی خاتوو كارین بۆ ساڵی دووەم بەڕێوەچوو.

بەخشینی خەڵاتەكە بۆ ژنانی كەسوكار ئەنفالكراو لەپای ئازایەتی و بەرگەگرتنی نەهامەتییەكانی دوای جینۆسایدی ئەنفالە كە لە رۆژی 14/4/1988ە كە لەلایەن رژێمی لەناوچووی حزبی بەعسەوە ئەنجامدرا و تیایدا 182 هەزار مرۆڤی كورد بوونە قوربانی.

جێگای ئاماژەیە خاتوو كارین ملۆدۆخ كە بەخشەری خەڵاتەكەیە  لە ساڵی 1958 لە ئەڵمانیا لەدایكبووە، ساڵی 1991 هاتووەتە كوردستان و لەو كاتەوە تاكو ئێستا بەردەوامە لە هاوكاریكردنی خەڵكی كوردستان، لە ساڵی 1994یشەوە رێكخراوی لۆكاڵی (KRS) دروستكردووە كە بەواتای كۆمەڵەی بووژانەوەی كەركوك دێت و یەكێك لە كارەكانی ئەم كۆمەڵەیە ئاوەدان كردنەوەی بەشێك لە گوندەكانی بناری گل و ناوچەی داوێ‌ بووە. هەر لەوكاتەیشەوە تێكەڵی كەسوكاری ئەنفالكراوان بووە و بەردەوام كاری كردووە لەگوڵ ژنانی رزگاربووی ئەنفال. هەروەك لە ساڵی 1995 رێكخراوی هاوكاریی ئەڵمانی دامەزراندووە كە تایبەتە بە یارمەتیدانی كورد لە هەموو روویەكەوە، لە ساڵی 1996 رێكخراوی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتیی خانزادی دامەزراندووە بۆ یارمەتیدانی ژنانی كوردستان و لە ساڵی 2006 لەگەڵ ژنانی كەسوكاری ئەنفال لە هەوڵی دروستكردنی مۆنۆمێنتێك دان لە رزگاری بەناوی (شوێنێكی كۆمەڵایەتی بۆ یادەوەریی ئەنفال) تائێستاش لەگەڵ وەزارەتی شەهیدان و ئەنفال كراوان لە هەوڵدان بۆ دروستكردنی ئەم مۆنۆمێنتە.

خاتوو كارین خاوەنی یەكەمین بڕوانامەی دكتۆرایە لەسەر (ژنانی رزگاربووی ئەنفال).
 
ئەم خەڵاتە لەلایەن مام پۆڵاوە سپۆنسەر كراوە، "مام پۆڵا خەڵكی شاری كفریە و پێشمەرگەی كۆن و نوێنەری رێكخراوی هاوكاری ئەڵمانییە لە كوردستان  و هاوسەری خاتوو كارین ملۆدۆخە".
 
ئەو 5 ژنەی كە ئەم خەڵاتەیان پێبەخشرا بریتی بوون لە هەریەكە لە خاتوو (رێژاو بابا، مینا عەلی بابا فارس، شەتاو سەعید مەعروف، فكریە عەزیز ئیسماعیل و ناسكە عەلی حمە ئەمین).

جێگای ئاماژەیە خەڵاتی خاتوو كارین ملۆدۆخ بە سپۆنسەری مام پۆڵا دابەشدەكرێت و ئەمە دووەم ساڵە و بڕیاریشە لە ساڵانی داهاتوودا بەردەوام بێـت.

kq1.jpg

kq2.jpg

kq3.jpg

kq4.jpg

kq5.jpg

kq6.jpg

kq7.jpg

kq8.jpg

kq12.jpg

kq9.jpg

kq11.jpg


وێنەی زیاتر


سه‌ره‌تا ده‌رباره‌ گه‌له‌رى كاروچالاكى خوله‌كانمان وۆرك شۆپ سيمينار په‌يوه‌ندى

Cretaed by AVESTA group. All rights received